جارێکی تر دەستی تاوانبار و خوێناوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە خوێنی منداڵانی پاکی کوردستان سوور بوو.
لە هێرشێکی دڕندانە و ترسنۆکانەدا، شەش پێشمەرگەی ئازای باشووری کوردستان لە سنووری سۆران و سپیلک شەهید بوون. ئەم تاوانە ڕووداو نییە، بەڵکو سیاسەتێکی بەرنامەبۆندراوە لە تارانەوە بۆ سەرکوتکردنی هەموو دەنگی ئازادی لە کوردستانی گەورە.
بە دڵێکی پڕ لە خەم، بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆلایین، سەرەخۆشی خۆم و یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، هەموو گەلی کوردستان و هێزە ئازادیخوازەکان دەکەم.
خوێنی ئەم شەش قارەمانە نە لەیاد دەچێت و نە بێ وەڵام دەمێنێتەوە. ئەم خوێنە دەبێتە ئاگرێک کە بناغەکانی ستەم و داگیرکاری دەسوتێنێت.
کەسوکاری شەهیدان، ئەم کارەساتە تەنیا خەمی ئێوە نییە؛ ئەوان خەمی هەموو کوردستانن. ناویان لە مێژووی خەبات و هێماکانی شۆڕشگێڕانەی ئەم نەتەوەیەدا هەتایی دەمێنێتەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێت بزانێت: کوردستان مەیدانی تاوان بێ سزا نییە. لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، لە باکورەوە بۆ باشوور، هەر داگیرکەرێک دەستی بە خوێنی کورد سوور کردبێت، لە ترسی میللەتێکە کە هەرگیز کڕنۆشی نەبردووە، لە ترسی پێشمەرگەیەک کە گاڵتە بە مردن دەکات، لە ترسی ئیرادەیەک کە بە بۆمب و مووشەک نانێژڕێت.
ئەمڕۆ ئێمە تەنیا ماتەمین ناگێرین، توڕەین. توڕەیییەکی پیرۆز کە دەبێت ببێتە هۆشیاری، ڕێکخستن و بەرخۆدانی بەردەوام.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بە توندترین شێوە ئەم تاوانە ئیدانە دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانانە خیانەتە. کوردستان تەنیا بە یەک دەنگ، یەک ئیرادە و ستراتیژییەکی شۆڕشگێڕانە دەتوانێت لە بەرامبەر هەموو داگیرکەران بوەستێت.
ئەم ڕێگایە بە ئازادی و سەربەخۆیی کۆتایی دێت.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان
بڵێن دەدەین کە درێژەدەری ڕێگەتانین