گەلی تێکۆشەر و سەربەرزی کوردستان!
جارێکی تر دەستە خوێناوەکانی ڕێژیمی داگیرکەر و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خوێنی یەکێک لە ڕۆڵە ئازاکانی ئەم خاکە سوور کراوە. شەهیدبوونی پێشمەرگە شەهید ئۆمید وەیسی، بە ناوی تەشکیلاتی ئۆمید ڕەوانسەر، پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، تەنیا تاوانێکی دیکە لە پەڕەی ڕەشی ئەم ڕێژیمەدا نییە؛ بەڵکو بەڵگەیەکی نوێیە لە ماهیەت و سروشتی ڕاستەقینەی حکومەتێک کە مانەوەی خۆی لەسەر کوشتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و تێرۆر بنیات ناوە.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بە دڵێکی پڕ لە خەفەت سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی نەتەوەی تێکۆشەری کوردستان، سکرتاریت و کادر و هەڤاڵانی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی وەیسی، و هەروەها هاوڕێی تێکۆشەر و کادری یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانمان کاک موحسین شامورادی ناسراو بە ئاوارە دەکات، بە بۆنەی شەهیدبوونی ئۆمید وەیسی کە پورزایەوە.
بەڵام با ڕێژیم بزانێت:
ئەم خوێنە بێدەنگی ناهێنێت؛ بەڵکو ئاگری ڕاپەڕین توندتر دەکات و ئیرادە و ورەی خەباتکارانی کوردستان بەهێزتر دەکات.
کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بە گوللە، زیندان و ئەشکەنجە هەوڵی داوە دەنگی ئازادیخوازی گەلی کورد بخەنکێنێت، بەڵام ئەم ڕاستییە تێناگات کە هەر شەهیدێک هەزاران تێکۆشەر دەخوڵقێنێت. هەر قەترەیەک لە خوێنی شەهیدان بانگەوازێکە بۆ یەکێتی و درێژەدان بە ڕێگەیان و نوێکردنەوەی پەیمانی خەبات لەم ڕێگەیەدا و تۆڵەسەندنەوە لە ستەمی نەتەوەی.
ئێمە، لە یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، بە ڕوونی ڕادەگەیەنین:
خوێنی شەهید ئۆمێد وەیسی و هەموو شەهیدانی کوردستان بێ وەڵام نامێنێت.
پەیمانی ئێمە لەگەڵ شەهیدان پەیمانی تۆڵەسەندنەوە، بەرخۆدان و ڕووخاندنی ڕێژیمی ستەمکارە.
پەیمانی ئێمە بۆ شەهیدان ئەوەیە کە تا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ستەم لەسەر کوردستان، خەبات و تێکۆشانمان بەردەوام بێت.
دەسەڵاتیش دەبێ بزانێت:
بە کوشتنی لاوان و ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ناتوانێت خۆی بپارێزێت لە تووڕەیی و ئیرادەی بەرزی ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدان، بەڵکو ڕۆژی ڕووخانی خۆی نزیکتر دەکاتەوە. گەلێک کە بۆ ئازادی هەستاوە، سەرئەنجام زنجیرەکانی دەشکێنێت و ئازادی بەدەست دەهێنێت.
خوێنی شەهیدان چرای ڕێگای شۆڕشی کوردستانە و ئەم چرایە هەتاییە و ناكوژێتەوە.
بژی ڕێبازی شەهیدان